Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:36

[1] نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشی بوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو،

[2] سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد.

[3] نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون.

[4] کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی، ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، تاکو کە منداڵەکە بوو بیخوات.

[5] ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا.

[6] ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بەخێو بکرێت.

[7] پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ، میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان،

[8] بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.

[9] ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.

[10] جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو: «ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە، چونکە ئەو سکاڵاکارەی لە خوشک و براکانمان، کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد، فڕێدرایە خوارەوە.

[11] ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.

[12] بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن! بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا، چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە! تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»

[13] کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێبوو.

[14] ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت.

[15] مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووبار بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات.

[16] زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا.

[17] ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح — Chapters