Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:49

[1] خۆشەویستان، لەبەر ئەوەی ئەم بەڵێنانەمان هەیە، با خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە، لە ترسی خودا پیرۆزی تەواو بکەین .

[2] دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە.

[3] ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین.

[4] متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.

[5] ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەک هەراسان بووین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس.

[6] بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین،

[7] نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو دڵنەواییەی لەلایەن ئێوە کراوە. بۆی گێڕاینەوە لەبارەی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم.

[8] جا ئەگەر بە نامەکە خەمبارم کردبن، پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم نامەکە بۆ ماوەیەک خەمباری کردن.

[9] بەڵام ئێستا دڵشادم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەمباریتان ئێوەی بۆ تۆبەکردن برد. بێگومان بەگوێرەی ویستی خودا خەمبار بوون، تاکو بەهۆی ئێمەوە هیچ زیانێک نەکەن،

[10] چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن.

[11] کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا.

[12] کەواتە ئەگەر بۆم نووسیون، لە پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێکراو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەبەردەم خودا ببینن کە ئێوە چەند پەرۆشی ئێمەن،

[13] بۆیە دڵنەوایی کراین. بەڵام لەسەر دڵنەواییەکە، بەهۆی دڵخۆشی تیتۆس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونکە گیانی بە هەمووتان حەسایەوە.

[14] ئەگەر بەرامبەر ئەو شانازیم بە ئێوەوە کردبێت، شەرمم نەکردووە، بەڵکو وەک هەموو شتێکمان بە ڕاستگۆیی پێ گوتن، شانازیمان لای تیتۆس بووە ڕاستی.

[15] دڵیشی زیاتر بۆتان دەچێت کە یادی گوێڕایەڵی هەمووتان دەکاتەوە، چۆن بە ترس و لەرزەوە پێشوازیتان لێکرد.

[16] دڵشادم کە لە هەموو شتێکدا لێتان دڵنیام.

دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters