Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:46

[1] من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و

[2] داواتان لێ دەکەم ناچارم مەکەن کاتێک لەلاتانم ئەو بوێرییەم بەکاربهێنم، چونکە پێم وایە هەر دەبێت بەکاریبهێنم بەرامبەر بەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێمە بەگوێرەی بنەمای جیهان دەژین.

[3] هەرچەندە لە جیهاندا دەژین، بەڵام بەگوێرەی بنەمای جیهان ناجەنگین،

[4] چونکە ئەو چەکەی شەڕی پێدەکەین جیهانی نییە، بەڵکو چەکی خوداییە کە توانای وێرانکردنی قەڵای هەیە.

[5] هەموو بەڵگەیەک و هەر شتێک کە بۆ بەرهەڵستی زانیاری خودا دەربکەوێت لەناوی دەبەین، هەموو بیرێکیش بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین.

[6] هەر کاتێک ئێوە تەواو ملکەچ بوون، ئەو کاتە ئامادەین سزای هەموو یاخیبوونێک بدەین.

[7] ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین.

[8] ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، شەرمی پێوە ناکەم.

[9] نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم.

[10] لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.»

[11] با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.

[12] ئێمە ناوێرین خۆمان لەگەڵ ئەوانە بەراورد بکەین یاخود خۆمان بخەینە ڕیزی ئەوانەی کە بەخۆیاندا هەڵدەدەن. کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر هیچ تێناگەن.

[13] بەڵام ئێمە زیاد لە پێوانە شانازی ناکەین، بەڵکو بەگوێرەی پێوانەی ئەو سنوورەی خودا بۆی داناوین، تاکو ئاستێک کە بگەینە ئێوەش.

[14] ئێمە سنووری خۆمان نابەزێنین کە شانازیتان پێوە دەکەین، بەوەی گەیشتینە ئێوە، چونکە بە خزمەتی ڕاگەیاندنی مزگێنی مەسیح گەیشتینە ئێوەش.

[15] زیاد لە ڕادەی خۆی شانازی بە ڕەنجی خەڵکییەوە ناکەین، بەڵام هیوادارین کاتێک باوەڕتان گەشە دەکات، لەنێوتاندا سنووری خزمەتەکەمان زۆر زیاتر بێت،

[16] تاکو مزگێنی بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورترن، نامانەوێت شانازی بکەین بەو کارەی کە پێشوەخت لە سنووری یەکێکی دیکە ئەنجام دراوە.

[17] [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.]

[18] ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.

دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters