Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:16

[1] وەک هاوکاری خوداین، لێتان دەپاڕێینەوە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن،

[2] چونکە دەفەرموێ: [لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.] ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

[3] لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت،

[4] بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان،

[5] لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوونی و شەونخونی و برسیێتی،

[6] بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی،

[7] لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی بۆ دەستە ڕاست و چەپ،

[8] بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین،

[9] وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین،

[10] وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

[11] ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە.

[12] ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن.

[13] ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.

[14] لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟

[15] چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟

[16] پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی: [تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم، دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.]

[17] [یەزدان دەفەرموێ: لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن. دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک، ئینجا وەرتاندەگرمەوە.]

[18] [یەزدانی هەرە بە توانا ئەمە دەفەرموێت: من دەبمە باوکی ئێوە و ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.]

دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters