[1] ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟
[2] ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن.
[3] ئێوە دەرکەوتن نامەی مەسیحن، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختەی بەردین، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
[4] بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە.
[5] ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە.
[6] ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
[7] ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە،
[8] ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟
[9] چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟
[10] شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە،
[11] چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
[12] لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە،
[13] نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو نەکەن.
[14] بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە تاکو ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت.
[15] بەڵام تاکو ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە.
[16] بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت،
[17] چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە.
[18] هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەدانەوەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.