[1] لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە، بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا:
[2] با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
[3] ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک،
[4] ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان،
[5] چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین.
[6] ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، ئەوەی کاریگەرە لە ئێوەدا دانبەخۆداگرتنە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین.
[7] جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.
[8] خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین.
[9] بەڵکو لە خۆماندا هەستمان کرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵام بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە.
[10] ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات،
[11] ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، تاکو خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە سوپاسی خودا بکەن، بەهۆی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆر.
[12] ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا.
[13] شتێکی دیکەتان بۆ نانووسین جگە لەوەی بیخوێننەوە یان لێی تێبگەن. هیوادارم تاکو بە تەواوی لە ئێمە تێبگەن،
[14] وەک هەندێک لێمان تێگەیشتن، تاکو شانازی ئێوە بین، وەک ئێوەش شانازی ئێمەن، لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان.
[15] جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت،
[16] بەرەو مەکدۆنیا بە لاتاندا تێپەڕم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن.
[17] کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟
[18] بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە.
[19] عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە.
[20] بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا.
[21] بەڵام ئەوە خودایە کە دەستنیشانی کردووین، هەروەها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمە لەگەڵ ئێوەدا دەچەسپێنێت.
[22] خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
[23] خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس.
[24] نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.