[1] هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن.
[2] بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم.
[3] بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت،
[4] چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن.
[5] پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە.
[6] ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست.
[7] یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟
[8] کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان.
[9] کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم.
[10] وەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە.
[11] بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت.
[12] بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن،
[13] چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن.
[14] سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات.
[15] کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.
[16] دیسان دەیڵێمەوە: کەس بە گێلم نەزانێت، بەڵام ئەگەر بە گێلم دەزانن ئەوا وەک گێلێک بەرگەم بگرن، بۆ ئەوەی منیش تۆزێک شانازی بکەم.
[17] بە متمانەوە شانازی دەکەم، نەک بەو شێوەیەی کە مەسیحی باڵادەست قسە دەکات، بەڵکو وەک لە نەزانییەوە بێت.
[18] لەبەر ئەوەی زۆر کەس بەگوێرەی بنەمای جیهان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی دەکەم.
[19] لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە دانان ، بە شادییەوە بەرگەی گێلەکان دەگرن.
[20] لە ڕاستیدا، ئەگەر یەکێک ئێوە بکاتە کۆیلە بەرگە دەگرن، ئەگەر یەکێک بتانخوات، ئەگەر یەکێک بۆ خۆی بتانقۆزێتەوە، ئەگەر یەکێک خۆی بەرز بکاتەوە، یاخود ئەگەر یەکێک لە ڕووتان بدات، بەرگە دەگرن!
[21] بە شەرمەزارییەوە، پێویستە بڵێم سەبارەت بەمە چەند لاواز بووین! هەرچییەک ئەوان دەوێرن شانازی پێوە بکەن، هەروەها منیش دەوێرم، دەزانم کە گێلانە قسە دەکەم.
[22] ئایا ئەوان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نەوەی ئیبراهیمن؟ منیش.
[23] ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە.
[24] جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم ،
[25] سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەربرد.
[26] بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن،
[27] بە ڕەنجدان و ماندووبوونی، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینوێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی.
[28] ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت.
[29] کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟
[30] ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن.
[31] خودا، باوکی عیسای خاوەن شکۆ ئەوەی هەتاهەتایە ستایش دەکرێت دەزانێت درۆ ناکەم.
[32] لە دیمەشق، فەرمانڕەوایەکەی ئاریتاسی پاشا پاسەوانی شاری دیمەشقییەکانیان دەکرد، بۆ گرتنم.
[33] بەڵام لەناو سەبەتەدا و لە پەنجەرەی شووراکە منیان شۆڕکردەوە و لە دەستی ڕزگارم بوو.