Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:09

[1] پاش ئەوەی سلێمان بنیادنانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی تەواو کرد کە پێی خۆشبوو،

[2] دووبارە یەزدان بۆ سلێمان دەرکەوتەوە، هەروەک چۆن لە گبعۆن بۆی دەرکەوت.

[3] جا یەزدان پێی فەرموو: m «گوێم لە نوێژ و پاڕانەوەکەت بوو کە لەبەردەمم پاڕایتەوە، ئەم پەرستگایەم پیرۆز کرد کە بنیادت ناوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە ناوەکەم لەوێ دابنێم، چاوەکانم و دڵیشم هەمیشە لەوێ دەبن. m

[4] «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزی و دڵپاکییەوە دۆستایەتیم بکەیت، وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،

[5] ئەوا هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەت لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن بەڵێنم بە داودی باوکت دا و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەسەر تەختی ئیسرائیل.“ m

[6] «بەڵام ئەگەر ئێوە یاخود نەوەکانتان لێم هەڵگەڕێنەوە و چاوتان لە فەرز و فەرمانەکانم نەبوو کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،

[7] ئەوا ئیسرائیل لەسەر ڕووی ئەو خاکەی پێم داون دەبڕمەوە و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم. ئیسرائیل لەنێو هەموو گەلان دەبێتە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی،

[8] ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و فیکە لێدەدات، دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“

[9] ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاریان هێناوە، ئەوەی کە باوباپیرانیانی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە، کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»

[10] لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا هەردوو تەلارەکەی بنیاد نا، پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا،

[11] سلێمانی پاشا بیست شارۆچکەی لە خاکی جەلیل بە حیرامی پاشای سور بەخشی، چونکە حیرام داری ئورز و سنەوبەر و زێڕی بۆ سلێمان ناردبوو، بە دڵی ئەو.

[12] بەڵام کاتێک حیرام لە سورەوە بۆ بینینی ئەو شارۆچکانە چوو کە سلێمان پێیدابوو، بە دڵی نەبوون.

[13] گوتی: «براکەم، ئەم شارۆچکانە چین کە تۆ بە منت داون؟» ئینجا ناوی لێنان خاکی کاڤول ، هەتا ئەمڕۆش بەو ناوە ناودەبردرێت.

[14] حیرام سەد و بیست تالنت زێڕی بۆ پاشا ناردبوو.

[15] ئەو پڕۆژانەی سلێمان پاشا بە بێگاری ئەنجامی دا ئەمانە بوون: بنیادنانی پەرستگای یەزدان، کۆشکی خۆی، تەلانەکان ، شوورای ئۆرشەلیم، حاچۆر، مەگیدۆ، هەروەها گەزەر،

[16] کە فیرعەونی پاشای میسر کاتێک سەرکەوت و گەزەری گرت و سووتاندی، کەنعانییەکانی دانیشتووی شارەکەی کوشت و بە دیاری دایە کچەکەی خۆی، ژنەکەی سلێمان.

[17] ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە، هەروەها بێت‌حۆرۆنی خواروو و

[18] بەعەلات و تەدمۆری لە چۆڵەوانی لەناو خاکەکەدا ئاوەدان کردەوە،

[19] لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.

[20] هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،

[21] پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانیبوو بە تەواوی قڕیان بکەن سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.

[22] بەڵام سلێمان کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و کاربەدەست، سەرکردە، فەرماندە، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.

[23] ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانە بوون کە لەسەر کارەکانی سلێمان بوون، پێنج سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.

[24] پاش ئەوەی کچەکەی فیرعەون لە شاری داودەوە چووە کۆشکەکەی کە سلێمان بۆی بنیاد نابوو، دەستی بە دروستکردنی تەلان کرد.

[25] سلێمان ساڵانە سێ جار قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەردەخستە سەر ئەو قوربانگایەی بۆ یەزدانی بنیاد نا، بخووریشی لەگەڵ ئەوەدا دەسووتاند کە لەبەردەم یەزدان بوو، پەرستگاکەی تەواو کرد.

[26] هەروەها سلێمانی پاشا چەند کەشتییەکی لە عەچیۆن گەڤەر ئەوەی لە نزیک ئێلەتە لەسەر کەناری دەریای سوور لە خاکی ئەدۆم دروستکرد.

[27] حیرامیش خزمەتکارەکانی خۆی کە کەشتیوان و شارەزای دەریا بوون ناردنییە ناو کەشتییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا بن.

[28] ئیتر چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و بیست تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمان پاشایان هێنا.

یەکەم پاشایان — Chapters