Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:18

[1] کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەی ئەوی لەگەڵ یەزدان بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە.

[2] بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.

[3] سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.

[4] کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،

[5] هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.

[6] بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.

[7] بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.

[8] خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.

[9] ستایش بۆ یەزدانی خوداکەت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»

[10] ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.

[11] هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا.

[12] پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.

[13] سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.

[14] کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو،

[15] جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە.

[16] سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک.

[17] سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.

[18] هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.

[19] تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.

[20] دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.

[21] هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.

[22] کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.

[23] سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.

[24] هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.

[25] هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.

[26] سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.

[27] هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.

[28] ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخێکی بازاڕ وەریاندەگرتن.

[29] گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.

یەکەم پاشایان — Chapters