Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:49

[1] سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان،

[2] لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشی ویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو.

[3] حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە.

[4] ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو.

[5] ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت.

[6] سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.

[7] لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا.

[8] هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.

[9] یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت.

[10] هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو.

[11] یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت،

[12] بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم،

[13] لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»

[14] ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو.

[15] کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت.

[16] یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد.

[17] بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن.

[18] ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا.

[19] هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی.

[20] خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون.

[21] هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.»

[22] فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟» هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.»

[23] خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو.

[24] لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد.

[25] جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.

[26] هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا.

[27] یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە،

[28] بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف.

[29] ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون،

[30] ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە.

[31] بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم.

[32] یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە.

[33] ئەو کارە دەکەم چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.

[34] «”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو هەموو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا.

[35] پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ.

[36] یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم.

[37] تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا.

[38] ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ.

[39] نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“»

[40] سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە.

[41] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون.

[42] سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.

[43] پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

یەکەم پاشایان — Chapters