Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:11

[1] ئەوە بوو پیاوێکی خودا بە فەرمایشتی یەزدان لە یەهوداوە هاتە بێت‌ئێل، یارۆڤعامیش لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو بۆ بخوور سووتاندن.

[2] پیاوەکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکە هاواری کرد و گوتی: «ئەی قوربانگا! ئەی قوربانگا! یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”کوڕێک لە نەوەی داود دەبێت، ناوی یۆشیایە، کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزاییت لەسەر سەردەبڕێت، ئەوانەی بخوورت لەسەر دەسووتێنن، ئێسکی مرۆڤیشت لەسەر دەسووتێنرێ.“»

[3] هەر لەو ڕۆژەشدا پیاوەکەی خودا نیشانەیەکی دا و گوتی: «ئەمەش ئەو نیشانەیە کە یەزدان فەرموویەتی، قوربانگاکە شەق دەبات و خۆڵەمێشەکەی سەریشی پەرشوبڵاو دەبێتەوە.»

[4] کاتێک یارۆڤعامی پاشا گوێی لە قسەی پیاوەکەی خودا بوو، کە لە بێت‌ئێل ڕووەو قوربانگاکە کردی، یارۆڤعام لە قوربانگاکەوە دەستی درێژکرد و گوتی: «بیگرن!» بەڵام ئەو دەستەی کە ڕووەو ئەو درێژی کرد وشک بوو، نەیتوانی بیکێشێتەوە.

[5] قوربانگاکەش شەقی برد و خۆڵەمێشەکەی سەری پەرشوبڵاو بووەوە، هەروەک ئەو نیشانەیەی پیاوەکەی خودا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ئاماژەی کرد.

[6] ئینجا پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «تکایە لە بەرامبەر یەزدانی خوداکەت بپاڕێوە و لە پێناوی من نزا بکە هەتا دەستم چاک بێتەوە.» پیاوەکەی خوداش لە بەرامبەر یەزدان پاڕایەوە، دەستی پاشا وەک جاری جاران چاک بووەوە.

[7] پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە، پشوو بدە و پاداشتیشت دەدەمێ.»

[8] پیاوەکەی خوداش بە پاشای گوت: «ئەگەر نیوەی ماڵەکەشتم بدەیتێ، لەگەڵت نایەم، لەم شوێنە نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە،

[9] چونکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان بەم جۆرە فەرمانم پێکراوە: ”نە نان بخۆ و نە ئاو بخۆوە و نە بەو ڕێگایەشدا بگەڕێوە کە پێیدا چوویت.“»

[10] ئینجا بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت و بەو ڕێگایەدا نەگەڕایەوە کە پێیدا هاتە بێت‌ئێل.

[11] پێغەمبەرێکی پیر هەبوو لە بێت‌ئێل دەژیا، کوڕەکانی هاتن و هەموو ئەو کارەیان بۆ گێڕایەوە کە پیاوەکەی خودا لەو ڕۆژەدا لە بێت‌ئێل کردی، ئەو قسانەش کە بە پاشای گوتبوو، بۆ باوکیان گێڕایەوە.

[12] باوکیشیان لێی پرسین: «بە کام ڕێگادا ڕۆیشت؟» کوڕەکانی ئەو ڕێگایەیان پیشان دا کە پیاوەکەی خودا ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو پێدا ڕۆیشتبوو.

[13] ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش گوێدرێژەکەیان بۆ کورتان کرد و سواری بوو.

[14] لەدوای پیاوەکەی خودا ڕۆیشت و دۆزییەوە لەژێر دار بەڕووێکدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوەکەی خودایت، ئەوەی لە یەهوداوە هاتووە؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ ئەوم.»

[15] پێی گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە و نان بخۆ.»

[16] پیاوەکەی خوداش گوتی: «ناتوانم لەگەڵت بگەڕێمەوە و لەگەڵت نایەمە ژوورەوە، لەم شوێنە لەگەڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە،

[17] چونکە بە فەرمایشتی یەزدان پێم گوتراوە: ”لەوێدا نان مەخۆ و ئاو مەخۆوە و بەو ڕێگایەدا مەگەڕێوە کە پێدا ڕۆیشتی.“»

[18] ئەویش پێی گوت: «هەروەها منیش وەک تۆ پێغەمبەرم و فریشتەیەک بە فەرمایشتی یەزدان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: ”لەگەڵ خۆتدا بیبە ماڵەکەت هەتا نان بخوات و ئاو بخواتەوە.“» بەمە درۆی لەگەڵ کرد.

[19] پیاوەکەی خوداش لەگەڵی گەڕایەوە و لە ماڵەکەی نانی خوارد و ئاوی خواردەوە.

[20] لە کاتێکدا کە لەسەر خوانەکە دانیشتبوون، ئەوە بوو فەرمایشتی یەزدان هات بۆ پێغەمبەرەکەی کە گەڕاندییەوە.

[21] بانگی پیاوەکەی خودای کرد، ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانت کرد و کارت بەو فەرمانەت نەکرد کە یەزدانی خوداکەت فەرمانی پێ کردیت،

[22] گەڕایتەوە و نانت خوارد و ئاوت خواردەوە لەو شوێنەی کە پێت گوترا نان و ئاوی لێ مەخۆ، لەبەر ئەوە لاشەکەت ناچێتە ناو گۆڕی باوباپیرانت.“»

[23] پاش ئەوەی پیاوەکەی خودا خواردی و خواردیەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە گەڕاندبوویەوە، گوێدرێژەکەی بۆ کورتان کرد.

[24] جا ڕۆیشت و لە ڕێگا شێرێکی لێ پەیدا بوو، کوشتی. لاشەکەی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژ و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون.

[25] لەو کاتەدا چەند پیاوێک تێپەڕین و بینییان لاشەکە لەسەر ڕێگاکە کەوتووە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستاوە، ئینجا چوون و ئەو هەواڵەیان لەو شارەدا بڵاوکردەوە کە پێغەمبەرە پیرەکە تێیدا دەژیا.

[26] کاتێک ئەو پێغەمبەرەی کە ئەوی گەڕاندەوە لەسەر ڕێگاکە بیستی، گوتی: «ئەوە پیاوەکەی خودایە کە سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانی کرد. یەزدانیش دایە دەستی شێر و پەلاماری دا و کوشتی، هەروەک یەزدان فەرمووی ئاوای بەسەرهات.»

[27] ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش کورتانیان کرد.

[28] چوو و لاشەکەی بینییەوە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژەکە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. شێرەکە لاشەکەی نەخواردبوو، پەلاماری گوێدرێژەکەشی نەدابوو.

[29] پێغەمبەرەکە لاشەی پیاوەکەی خودای هەڵگرت و خستییە سەر گوێدرێژەکە و بردییەوە، پێغەمبەرە پیرەکە هاتە ناو شارەکەوە هەتا بینێژێت و پرسەی بۆ بگرێت.

[30] ئینجا لاشەکەی خستە ناو گۆڕەکەی خۆی، شیوەنیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براکەم!»

[31] پاش ئەوەی کە ناشتیان، قسەی لەگەڵ کوڕەکانی کرد و گوتی: «کە مردم لەو گۆڕەدا بمنێژن کە پیاوەکەی خودای تێدا نێژرا، ئێسکەکانم لەتەنیشت ئێسکەکانی ئەو دابنێن،

[32] چونکە بە تەواوی ئەو پەیامە دێتە دی، کە بەپێی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکەی بێت‌ئێل و ڕووەو هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کردی، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سامیرەدان.»

[33] تەنانەت لەدوای ئەم ڕووداوەش، یارۆڤعام لە ڕێگا خراپەکەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵکو دووبارە لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی، هەرکەسێک دەیویست ببێتە کاهین، ئەرکی پێ دەسپارد و دەبووە یەکێک لە کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزایی.

[34] ئەمە بووە گوناه بۆ بنەماڵەی یارۆڤعام، بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونیان لەسەر ڕووی زەوی.

یەکەم پاشایان — Chapters