[1] لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
[2] سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم بوو.
[3] بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی.
[4] بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت،
[5] چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.
[6] بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
[7] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو.
[8] ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[9] لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا.
[10] چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم بوو.
[11] ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
[12] پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون.
[13] ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
[14] هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
[15] شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.
[16] بە درێژایی ماوەی حوکمڕانیشیان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
[17] بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
[18] ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەنهەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی:
[19] «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
[20] بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێتمەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد.
[21] کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە.
[22] ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.
[23] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون.
[24] پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[25] نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[26] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[27] ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی.
[28] لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا کوشتی و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
[29] کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی.
[30] ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.
[31] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[32] بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
[33] لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
[34] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.