[1] ئەوە بوو ئەلیاسی تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»
[2] پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات:
[3] «لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
[4] لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»
[5] ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
[6] قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.
[7] پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو.
[8] ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
[9] «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.»
[10] ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.»
[11] کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»
[12] ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە هەتا بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»
[13] ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە،
[14] چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»
[15] ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو.
[16] کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.
[17] دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا.
[18] ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»
[19] ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست.
[20] هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟»
[21] ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد، گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»
[22] یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە.
[23] ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»
[24] ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»