Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:51

[1] لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری ئەفەسۆس، بۆ ئەوانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا دڵسۆزن:

[2] با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

[3] ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا بەرەکەتدار کردووە،

[4] وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ گلەیی بین.

[5] پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە ،

[6] ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین.

[7] ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بە هۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی،

[8] ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند.

[9] نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، بەگوێرەی خۆشحاڵی خۆی کە لە ڕێگەی مەسیحەوە مەبەستی بوو،

[10] بۆ بەجێگەیاندنی لە تەواوی زەمانەدا، تاکو هەموو شتێک لە زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی مەسیحدا و لە ڕێگەی ئەوەوە یەک بخات.

[11] خودا پێشوەخت بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمەی هەڵبژارد تاکو بەگوێرەی پلانەکەی بۆ ئەو بین. خودا هەموو شتێک بەگوێرەی مەبەست و ویستی خۆی بەڕێوە دەبات،

[12] بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح.

[13] هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێنپێدراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن.

[14] ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی.

[15] لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا،

[16] بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم.

[17] داوا دەکەم لە باوکی شکۆدار، کە خودای عیسای مەسیحی گەورەمانە، ڕۆحی دانایی و ئاشکراکردنتان بداتێ هەتا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بیناسن.

[18] نزا دەکەم بیروهۆشتان ڕووناک بێتەوە تاکو بزانن چییە ئەو هیوایەی ئێوەی بۆ بانگ کراون، هەروەها تێبگەن میراتەکەی چەند شکۆدار و دەوڵەمەندە بۆ خوشک‏ و برا پیرۆزەکان،

[19] هەروەها گەورەیی بێ سنووری هێزەکەشی بۆ ئێمە کە باوەڕدارین. ئەم هێزە هەمان ئەو توانا مەزنەیە

[20] کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا،

[21] لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش.

[22] خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا،

[23] کە جەستەی مەسیحە، واتە پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ئەفەسۆس — Chapters