[1] خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە نەوەک تۆش بکەویتە تاقیکردنەوە.
[2] باری یەکتری هەڵگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.
[3] ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، هیچیش نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت.
[4] بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە،
[5] چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.
[6] ئەو کەسەی فێری وشەی خودا دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.
[7] هەڵمەخەڵەتێن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە.
[8] ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
[9] کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین.
[10] ئینجا هەروەک دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.
[11] سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.
[12] ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە.
[13] ئەوانەی خەتەنەکراون، تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن.
[14] لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی گەورەمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان،
[15] چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنە نەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ.
[16] با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.
[17] ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە.
[18] خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.