[1] ئەی منداڵان، لەبەر مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە.
[2] [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.] ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت
[3] [بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.]
[4] ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.
[5] ئەی کۆیلەکان، گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی، وەک بۆ مەسیح بێت،
[6] نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکات، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن.
[7] با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی،
[8] چونکە دەزانن هەر یەکێک چ چاکەکارییەک بکات ئەوە لە عیسای خاوەن شکۆ وەردەگرێتەوە، کۆیلە بێت یاخود ئازاد.
[9] ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات.
[10] لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن.
[11] بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن،
[12] چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، لە دژی دەسەڵاتداران، لە دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان.
[13] بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن.
[14] بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و سپەری ڕاستودروستی بە سنگتانەوە،
[15] ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی ،
[16] لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە.
[17] هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە.
[18] بە هەموو جۆرە نوێژێک و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن، بۆ ئەمەش شەوارە بگرن بەوپەڕی بەردەوامی و پاڕانەوە بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا.
[19] نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ، ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم.
[20] من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.
[21] برای خۆشەویستمان تیخیکۆس، کە خزمەتکاری دڵسۆزە لە خزمەتی مەسیحی باڵادەستدا، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم.
[22] بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
[23] لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران.
[24] نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی گەورەی ئێمەیان خۆشدەوێت.