Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:45

[1] بەهۆی ئەمەوە ، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…

[2] بێگومان گوێتان لەوە بووە کە ئەرکی ڕاگەیاندنی نیعمەتی خودا بۆ ئێوە بە من سپێردراوە،

[3] کە خودا بە ئاشکراکردن نهێنییەکەی بۆ دەرخستم، وەک پێشتر بە کورتی نووسیم.

[4] بە خوێندنەوەی، دەتوانن لە تێگەیشتنی من لە نهێنی مەسیح حاڵی بن،

[5] ئەو نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک لە نەوەکانی پێشتر ئاشکرا نەکراوە، وەک ئێستا بە ڕۆحی پیرۆز بۆ نێردراوە پیرۆزەکانی و پێغەمبەران ئاشکرا کرا.

[6] نهێنییەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ناجولەکە بوو بە هاومیراتی جولەکە و پێکەوە بوونە ئەندامانی یەک جەستە و هاوبەشی ئەو بەڵێنەی کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێمان دراوە.

[7] بەپێی هێزە کردەییەکەی خودا و بەگوێرەی بەخشینی نیعمەتەکەی کە پێمدرا، بوومە خزمەتکاری پەیامی ئینجیل.

[8] هەرچەندە من بچووکترینی هەموو گەلی پیرۆزی خودام، ئەم نیعمەتە درایە من: مژدەی دەوڵەمەندی بێ سنووری مەسیح بدەمە نەتەوەکان و

[9] پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە،

[10] بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕێگەی کڵێساوە، دانایی هەمەجۆرەی خودا بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە شوێنەکانی ئاسمان زانراو بێت،

[11] بەگوێرەی خواستی هەتاهەتایی، ئەوەی بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە هێنایە دی.

[12] بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و باوەڕهێنانمان پێی، بە دڵنیاییەوە ئەو ئازادییەمان هەیە بۆ چوونە لای خودا.

[13] بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ناخۆشییەکانم ورە بەرنەدەن کە بۆ ئێوەیە، شکۆمەندی ئێوەیە.

[14] لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم،

[15] ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

[16] لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە،

[17] تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت،

[18] تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە،

[19] تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.

[20] بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات،

[21] با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ئەفەسۆس — Chapters