[1] کەواتە لاسایی خودا بکەنەوە، وەک ڕۆڵەی خۆشەویست،
[2] لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
[3] بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە،
[4] نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن.
[5] بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکییەک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆکی جۆرێک لە بتپەرستییە.
[6] کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
[7] بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
[8] پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین،
[9] چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،
[10] هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
[11] بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن،
[12] چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە.
[13] بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت،
[14] چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت: «ئەی نوستوو هەستە، لەنێو مردووان هەستەوە، مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»
[15] بۆیە ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا،
[16] کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
[17] بۆیە گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە.
[18] بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز:
[19] لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن،
[20] هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان سوپاسی خودای باوک بکەن،
[21] بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.
[22] ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن،
[23] وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە.
[24] بەڵکو چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێک بۆ مێردەکانیان.
[25] ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،
[26] تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە،
[27] بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هەر شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ گلەیی بێت.
[28] بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ.
[29] کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،
[30] چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.
[31] [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.]
[32] ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم.
[33] ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.