[1] لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو.
[2] جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا هەتا بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن.
[3] بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، هەتا بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی.
[4] هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت.
[5] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
[6] یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[7] پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو.
[8] یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
[9] ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی.
[10] لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا.
[11] ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو.
[12] یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد. لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد.
[13] پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی.
[14] هەموو ئۆرشەلیمی ڕاپێچ کرد: و هەموو ئەفسەر و جەنگاوەرەکان و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، دە هەزار ڕاپێچکراو بوون، کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە.
[15] نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن.
[16] هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد.
[17] پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا.
[18] سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
[19] ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
[20] لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن. ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.