[1] لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، حەزقیای کوڕی ئاحاز بوو بە پاشای یەهودا.
[2] گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو.
[3] بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
[4] ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان.
[5] حەزقیا پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەست، لەنێو هەموو پاشاکانی یەهودا کەس وەک ئەو نەبوو، چ ئەوانەی پێش خۆی و چ ئەوانەی دوای خۆی.
[6] دەستی بە یەزدانەوە گرت و لێی لانەدا. فەرمانەکانی پاراست، کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
[7] یەزدان لەگەڵی بوو، لە هەموو ئەو کارانەی دەیکرد سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، هەروەها لە پاشای ئاشور یاخی بوو، ملکەچی نەبوو.
[8] فەلەستییەکانیشی هەتا غەزە و سنوورەکانی بەزاند، لە قوللەی چاودێرەکانەوە هەتا شاری قەڵابەند.
[9] لە ساڵی چوارەمی حەزقیا پاشا، کە دەکاتە ساڵی حەوتەمی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، شەلمەنئەسەری پاشای ئاشور لە دژی سامیرە لەشکری جوڵاند و گەمارۆی دا.
[10] ئاشورییەکان لەدوای سێ ساڵ سامیرەیان گرت. لە ساڵی شەشەمی حەزقیا کە دەکاتە ساڵی نۆیەمی هۆشێیەعی پاشای ئیسرائیل، سامیرە داگیر کرا.
[11] ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد و لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی داینان.
[12] ئەمە لەبەر ئەوە ڕوویدا چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاری خۆیان نەبوون، بەڵکو پەیمانەکەیان شکاند و هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، نە گوێیان لێ گرت و نە کاریشیان پێ کرد.
[13] لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن.
[14] لەبەر ئەوە حەزقیا پاشای یەهودا پەیامی بۆ پاشای ئاشور نارد لە لاخیش، گوتی: «من هەڵەیەکی گەورەم کرد. لەلای من بکشێوە، ئەوەی لەسەرم دەیسەپێنی دەیدەم.» پاشای ئاشور سێ سەد تالنت زیو و سی تالنت زێڕی لەسەر حەزقیای پاشای یەهودا سەپاند.
[15] حەزقیاش هەموو زیوەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای دایێ.
[16] لەو کاتە حەزقیا پاشای یەهودا ئەو زێڕەی داڕنی کە پەرستگای یەزدان و چوارچێوەی دەرگاکانی پێ ڕووپۆش کردبوو، دایە پاشای ئاشور.
[17] پاشای ئاشور فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دیوان و فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە لە لاخیشەوە ناردە سەر حەزقیای پاشا لە ئۆرشەلیم. کاتێک سەرکەوتن و هاتن لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستان، کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە،
[18] بانگی پاشایان کرد، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لایان.
[19] فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن: m «”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟
[20] تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟
[21] وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن.
[22] ئەگەر پێشم بڵێن: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’دەبێت لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش ببەن کە لە ئۆرشەلیمە‘؟ m
[23] «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت!
[24] ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم بگەڕێنیتەوە، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟
[25] لە کۆتاییدا ئایا من بەبێ فەرمانی یەزدان هاتووم بۆ سەر ئەم شوێنە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان خۆی پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»
[26] ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە.»
[27] بەڵام فەرماندەکە وەڵامی دانەوە: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووم هەتا ئەم قسانە بکەم؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووم، هەتا لەگەڵ ئێوە پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە؟»
[28] ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور!
[29] پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات.
[30] مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“
[31] «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام. با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە،
[32] هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو، خاکی دار زەیتوون و هەنگوین. ژیان هەڵبژێرن نەک مردن! «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە فریوتان دەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“
[33] ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟
[34] کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم و هێنەع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟
[35] کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»
[36] بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»
[37] ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.