[1] ئەحاڤ حەفتا کوڕی لە سامیرە هەبوو. جا یێهو چەند نامەیەکی نووسی و ناردی بۆ کاربەدەستانی یەزرەعیل لە سامیرە، بۆ پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ، گوتی:
[2] «ئێوە کوڕەکانی گەورەکەتان و گالیسکە و ئەسپتان لەلایە، شاری قەڵابەند و چەکتان هەیە. بە گەیشتنی ئەم نامەیە
[3] لە کوڕانی گەورەکەتان چاکترین و شایستەترینیان هەڵبژێرن، لەسەر تەختی باوکی دایبنێن. ئینجا بۆ ماڵی گەورەکەتان بجەنگن.»
[4] بەڵام ئەوان زۆر زۆر ترسان و گوتیان: «دوو پاشا لەبەردەمی نەوەستان، ئێمە چۆن لەبەردەمی بوەستین؟»
[5] ئیتر سەرپەرشتیاری کۆشک و فەرمانڕەوای شارەکە و پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ پەیامێکیان بۆ یێهو نارد و گوتیان: «ئێمە خزمەتکاری تۆین و هەموو ئەوەی پێمانی بڵێی دەیکەین. ئێمە کەس ناکەینە پاشا، ئەوەی پێت باشە بیکە.»
[6] ئینجا یێهو نامەی دووەمی بۆ ناردن و گوتی: «ئەگەر ئێوە لەگەڵ مندان و گوێڕایەڵی من دەبن، کەللەسەری کوڕەکانی گەورەکەتان بهێنن و سبەینێ لەم کاتەدا وەرنە لام لە یەزرەعیل.» لەو کاتەدا حەفتا شازادە لەگەڵ گەورە پیاوانی شارەکە بوون، ئەوانەی کە پەروەردەیان دەکردن.
[7] کاتێک نامەکەیان پێگەیشت، کوڕەکانی پاشایان برد و هەر حەفتایان سەربڕین، کەللەسەرەکانیان لەناو چەند سەبەتەیەکدا دانا و ناردیان بۆ لای یێهو لە یەزرەعیل.
[8] کاتێک نێردراوەکە هات بە یێهوی ڕاگەیاند: «کەللەسەری کوڕەکانی پاشایان هێناوە.» ئەویش گوتی: «بە دوو کۆمەڵ کەڵەکەیان بکەن و هەتا بەیانی لە دەروازەی شارەکە دایانبنێن.»
[9] بەیانی یێهو چووە دەرەوە. لەبەردەم هەموو گەل ڕاوەستا و گوتی: «ئێوە بێتاوانن. ئەوەتا من لە گەورەکەم یاخی بووم و کوشتم، ئەی کێ هەموو ئەمانەی کوشت؟
[10] لەبەر ئەوە بزانن کە هیچ وشەیەک لە فەرمایشتی یەزدان ناشکێت، کە لەسەر ماڵی ئەحاڤ فەرموویەتی. یەزدانیش ئەوەی کرد کە لە ڕێگەی ئەلیاسی بەندەیەوە فەرمووی.»
[11] ئینجا یێهو لە یەزرەعیل هەموو پاشماوەی ماڵی ئەحاڤی کوشت، لە هەموو گەورە پیاو و دۆستی نزیک و کاهینەکان، هەتا تاقی لێ بڕین.
[12] پاشان یێهو هەستا و بەرەو سامیرە چوو. لە ڕێگادا، لە بێتعێقەدی شوانەکان،
[13] تووشی چەند خزمێکی ئەحەزیای پاشای یەهودا بوو، جا گوتی: «ئێوە کێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خزمەکانی ئەحەزیاین و هاتووینەتە خوارەوە هەتا سڵاو لە بنەماڵەی پاشا و شاژنی دایک بکەین.»
[14] ئەویش گوتی: «بە زیندوویی بیانگرن!» ئەوانیش بە زیندوویی گرتیانن و لەلای بیرەکەی بێتعێقەد سەریان بڕین، چل و دوو کەس بوون، کەسیان لێ نەهێشتنەوە.
[15] دوای ئەوەی لەوێ ڕۆیشت، تووشی یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب بوو کە هاتبوو پێشوازی لێبکات. یێهو سڵاوی لێکرد و پێی گوت: «ئایا تۆش دڵسۆزی منیت، هەروەک من دڵسۆزی تۆم؟» یەهۆنادابیش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ.» یێهو گوتی: «کەواتە، دەستتم بدەرێ.» ئینجا دەستی دایێ و یێهو سەری خستە ناو گالیسکەکە.
[16] یێهو گوتی: «لەگەڵم وەرە و دڵگەرمیم بۆ یەزدان ببینە.» ئینجا لەگەڵ خۆی سواری گالیسکەکەی کرد.
[17] کاتێک یێهو هاتە سامیرە، هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئەحاڤی لە سامیرە کوشت، لەناوی بردن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە بە ئەلیاسی فەرموو.
[18] ئینجا یێهو هەموو گەلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەحاڤ پەرۆشی پەرستنی بەعل نەبوو، بەڵام یێهو زۆر پەرۆشە.
[19] ئێستاش هەموو پێغەمبەرەکانی بەعل و هەموو ئەوانەی دەیپەرستن و هەموو کاهینەکانیم بۆ بانگ بکەن. کەس بزر نەبێت، چونکە قوربانییەکی گەورە بۆ بەعل دەکەم. ئەوەی خۆی بدزێتەوە دەکوژرێت.» بەڵام یێهو ئەم فێڵەی بۆ بەعلپەرستەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی لەناویان ببات.
[20] ئینجا یێهو گوتی: «بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بکەن بۆ بەعل.» ئەوانیش بانگەوازیان کرد.
[21] یێهو بەناو هەموو ئیسرائیلدا بانگەوازی کرد، هەموو بەعلپەرستەکان هاتن، کەس نەما نەیەت. هاتنە پەرستگای بەعل و پەرستگای بەعلیان پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
[22] ئینجا یێهو بە لێپرسراوی جلوبەرگەکانی گوت: «جلوبەرگ بۆ هەموو بەعل پەرستەکان بهێنە دەرەوە.» ئەویش جلوبەرگی بۆ هێنانە دەرەوە.
[23] پاشان یێهو و یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب هاتنە ناو پەرستگای بەعل و بە بەعلپەرستەکانی گوت: «بگەڕێن و ببینن نەوەک یەکێک لە بەندەکانی یەزدان لێرە لەگەڵتان بێت، تەنها بەعل پەرستان لێرە بمێننەوە.»
[24] ئیتر کە چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن بکەن، هەشتا پیاو لە دەرەوە دانرابوون کە یێهو ئاگاداری کردبوونەوە: «ئەگەر یەک پیاو لەو پیاوانەی کە بە دەستی ئێوەم داوە دەرباز بێت، ئەوا گیانی ئێوە لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت.»
[25] کاتێک یێهو لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بووەوە، بە پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکانی گوت: «بڕۆنە ژوورەوە و بیانکوژن، مەهێڵن کەس دەرباز بێت.» ئەوانیش بە شمشێر هەموویان کوشت. ئینجا پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکان فڕێیان دانە دەرەوە و بەرەو نزرگەی ناوەوەی پەرستگای بەعل ڕۆیشتن.
[26] کۆڵەکەکانی پەرستگای بەعلیان هێنایە دەرەوە. دوای ئەوەی سووتاندیانن،
[27] تێکیان شکاندن و پەرستگای بەعلیان ڕووخاند و کردیانە زبڵدان، هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە.
[28] ئیتر یێهو پەرستنی بەعلی لە ئیسرائیل نەهێشت،
[29] هەرچەندە لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، پەرستنی دوو گوێرەکە زێڕینەکە لە بێتئێل و لە دان.
[30] پاشان یەزدان بە یێهوی فەرموو: «چونکە ئەوەی من پێم ڕاست بوو تۆ کردت، هەموو ئەوەی کە لە دڵم بوو دەرهەق بە ماڵی ئەحاڤ کردت، هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
[31] بەڵام یێهو ڕەچاوی ئەوەی نەکرد کە بە هەموو دڵییەوە بەپێی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بڕوات، لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[32] لەو سەردەمەدا یەزدان دەستی بە بچووک کردنەوەی خاکی ئیسرائیل کرد، جا حەزائێل لەو سنوورانەی ئیسرائیلەوە لێی دان
[33] کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، واتە: هەموو خاکی گلعاد، هەرێمی گادی و ڕەئوبێنی و مەنەشەییەکان، لە عەرۆعێر ئەوەی لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و لە گلعاد و باشان.
[34] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یێهو و هەموو کارەکانی و پاڵەوانیەتییەکەی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[35] یێهو لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاحازی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[36] ئەو ماوەیەی کە یێهو لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد، بیست و هەشت ساڵ بوو.