[1] لە ساڵی بیست و حەوتەمی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عەزەریای کوڕی ئەمەسیا بوو بە پاشای یەهودا.
[2] گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
[3] بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
[4] تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
[5] یەزدان پاشای تووشی گەڕوگولی کرد و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد چاکنەبووەوە، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، یۆتامی کوڕی پاشاش سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.
[6] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عەزەریا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
[7] عەزەریا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[8] لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[9] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[10] شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
[11] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[12] ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
[13] شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد.
[14] ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
[15] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[16] لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی.
[17] لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[18] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[19] پاشان پولی پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست.
[20] مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە.
[21] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[22] مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[23] لە ساڵی پەنجایەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحیای کوڕی مەنەحێم بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[24] پەقەحیا لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[25] یەکێک لە ئەفسەرەکانی، بە ناوی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، پیلانی لە دژی گێڕا. پەنجا پیاوی گلعادی لەگەڵ خۆی برد، لە سامیرە لەناو قەڵای کۆشکی پاشا پەقەحیای کوشت، هەروەها ئەرگۆڤ و ئەریەشی لەگەڵی کوشت. ئیتر پەقەح پەقەحیای کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
[26] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەحیا و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[27] لە ساڵی پەنجا و دووەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو بوو بە پاشا، بیست ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[28] ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
[29] لە سەردەمی پەقەحی پاشای ئیسرائیل، تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێتمەعکا، یانۆوەح، قەدەش، حاچۆر، گلعاد، جەلیل و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد، خەڵکەکەی ڕاپێچی ئاشور کرد.
[30] ئینجا هۆشێیەعی کوڕی ئێلە پیلانی لە دژی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو گێڕا. هێرشی کردە سەری و کوشتی، لە ساڵی بیستەمینی یۆتامی کوڕی عوزیا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
[31] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەح و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[32] لە ساڵی دووەمی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی کوڕی عوزیا بوو بە پاشای یەهودا.
[33] کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو.
[34] بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
[35] تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆتام بوو کە دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد ناوە.
[36] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
[37] لەو ڕۆژانەدا یەزدان دەستی بە ناردنی ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو کرد بۆ سەر یەهودا.
[38] ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.