[1] لە ساڵی بیست و سێیەمی پاشایەتی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای پاشای یەهودا، یەهۆئاحازی کوڕی یێهو بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[2] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لێی لا نەدا.
[3] ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا، ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی حەزائێلی پاشای ئارام و بەنهەدەدی کوڕی هێشتنییەوە.
[4] ئینجا یەهۆئاحاز لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش گوێی لێ گرت، چونکە بینی چۆن پاشای ئارام ئیسرائیل دەچەوسێنێتەوە.
[5] یەزدان ڕزگارکەرێکی دایە ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئارامییەکان ڕزگار بوون و وەک جاران لەناو ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون.
[6] بەڵام خۆیان لە گوناهەکانی بنەماڵەی یارۆڤعام لانەدا، هەمان گوناهی ئەویان کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لەسەری بەردەوام بوون، هەروەها ستوونە ئەشێراکەش لە سامیرە لە جێی خۆی ماوە.
[7] یەهۆئاحاز سوپای بۆ نەمابووەوە، جگە لە پەنجا سوار و دە گالیسکە و دە هەزار پیادە، چونکە پاشای ئارام لەناویبردبوون و وەک خۆڵی ژێر پێی لێکردبوون.
[8] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاحاز و هەموو ئەوەی کردی و هەموو دەستکەوتەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[9] یەهۆئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاشی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[10] لە ساڵی سی و حەوتەمی پاشایەتی یۆئاشی پاشای یەهودا، یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز بۆ ماوەی شازدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
[11] لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بەڵکو لەسەریان بەردەوام بوو.
[12] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
[13] یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و یارۆڤعام لەسەر تەختەکەی دانیشت، یەهۆئاشیش لە سامیرە نێژرا، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل.
[14] ئەلیشەعیش نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەی کە پێی مرد، جا یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل چووە خوارەوە بۆ لای و لەسەری گریا، گوتی: «باوکە ڕۆ! باوکە ڕۆ! ئەی گالیسکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!»
[15] ئەلیشەعیش پێی گوت: «کەوانێک و چەند تیرێک هەڵگرە.» ئەویش کەوانێک و چەند تیرێکی هەڵگرت.
[16] بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «دەستت لەسەر کەوانەکە دابنێ.» ئەویش دەستی دانا، ئەلیشەعیش دەستی خستە سەر دەستی پاشا.
[17] ئینجا گوتی: «پەنجەرەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بکەوە.» ئەویش کردییەوە. ئەلیشەع گوتی: «بیهاوێ!» ئەویش هاویشتی. ئەلیشەع گوتی: «ئەمە تیری سەرکەوتنە لە یەزدانەوە، تیری سەرکەوتنە بە سەر ئارام، لە ئەفێق بە تەواوی ئارامییەکان لەناودەبەیت.»
[18] هەروەها گوتی: «تیرەکان ببە.» پاشاکەش بردنی، ئینجا ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «لە زەوییەکە بدە.» ئەویش سێ جار لێیدا و وەستا.
[19] جا پیاوەکەی خودا لێی تووڕە بوو و گوتی: «دەبووایە پێنج یان شەش جار لە زەوییەکەت بدایە، ئینجا بە تەواوی لە ئارامت دەدا هەتا لەناودەچوون، ئێستاش تەنها سێ جار لە ئارام دەدەیت.»
[20] پاشان ئەلیشەع مرد و ناشتیان. چەتەکانی مۆئاب هەموو بەهارێک دەهاتنە ناو خاکەکە.
[21] جارێک پیاوێکیان دەناشت، لەناکاو چەتەکانیان بینی، ئیتر تەرمی پیاوەکەیان فڕێدایە ناو گۆڕەکەی ئەلیشەع. جا کە پیاوەکە بەر ئێسقانەکانی ئەلیشەع کەوت، زیندوو بووەوە و هەستایەوە سەر پێیەکانی.
[22] حەزائێلی پاشای ئارامیش بە درێژایی سەردەمی یەهۆئاحاز ئیسرائیلی چەوساندەوە.
[23] بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە، هەتا ئێستاش نەیویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە.
[24] پاشان حەزائێلی پاشای ئارام مرد و بەنهەدەدی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[25] ئینجا یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز گەڕایەوە و بە جەنگ شارۆچکەکانی لە دەست بەنهەدەدی کوڕی حەزائێل وەرگرتەوە، ئەوەی لە دەستی یەهۆئاحازی باوکی بردبووی، یەهۆئاش سێ جار بەزاندی و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە.