Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:30

[1] ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات، تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.

[2] میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو، ماڵمان بۆ بێگانە.

[3] هەتیو و بێ باوک بوون، دایکانمان وەک بێوەژنن.

[4] دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.

[5] ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە، ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.

[6] دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.

[7] باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان، ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.

[8] کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن، کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.

[9] بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.

[10] پێستمان وەک تەنوور سووتاوە، لەبەر برسیێتی برژاوین.

[11] لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان، پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.

[12] میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن، ڕێز لە پیران ناگیرێت.

[13] لاوانیان دەهاڕدرێن، منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.

[14] پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن، لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.

[15] خۆشی دڵمان نەما، شاییمان بوو بە شیوەن.

[16] تاجی سەرمان کەوت. قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!

[17] لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا، لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،

[18] لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو، چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.

[19] ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت، تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.

[20] بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟ بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟

[21] ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە، وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،

[22] یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟

شینەکانی یەرمیا — Chapters