Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:25

[1] من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.

[2] منی بە پێش خۆی دا و منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.

[3] بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.

[4] گۆشت و پێستی منی پیرکرد، ئێسکەکانی شکاندم.

[5] دەوری گرتم و گەمارۆی دام بە ژەهر و ناخۆشی.

[6] ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.

[7] لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم، زنجیرەکانی منی قورس کرد.

[8] هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم، بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.

[9] بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت، ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.

[10] وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە، وەک شێرێک خۆی مات دەکات،

[11] منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم، منی وێران کرد.

[12] کەوانەکەی ڕاکێشا منی کردە نیشانەی تیرەکانی.

[13] تیرەکانی تیردانەکەی لە دڵم چەقاند.

[14] هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.

[15] تێری کردم لە تاڵی، زەقنەبووتی دەرخوارد دام.

[16] بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد، منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.

[17] من لە ئاشتی بێبەش کراوم، سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.

[18] ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما، هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»

[19] دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم، وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.

[20] بە باشی بەبیرم دێتەوە، لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.

[21] بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

[22] بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.

[23] ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.

[24] بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە، لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

[25] یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە، بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.

[26] باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

[27] باشە پیاو نیر هەڵبگرێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.

[28] با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت، چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.

[29] با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ، لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.

[30] با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات، با تێربێت لە ڕیسوایی.

[31] چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.

[32] لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات، بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

[33] چونکە کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و دڵتەنگی ناکات.

[34] تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی لەژێر پێ،

[35] یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی لەبەردەم خودای هەرەبەرز،

[36] یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری، ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟

[37] کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ، ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟

[38] ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟

[39] بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟

[40] با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.

[41] با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:

[42] «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین، تۆش لێمان خۆش نەبوویت.

[43] «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین، بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.

[44] بە هەور خۆت داپۆشی بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.

[45] ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو لەنێو گەلان.

[46] «هەموو دوژمنانمان دەمیان لێمان کردەوە.

[47] ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا، لەناوچوون و وێرانی.»

[48] چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.

[49] چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن بەبێ پسانەوە،

[50] تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.

[51] ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.

[52] ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.

[53] بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ، بەردیان تێمگرت.

[54] نوقومی ئاو بووم، گوتم: «خەریکە بمرم.»

[55] ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.

[56] گوێت لە دەنگم بوو: «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»

[57] ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!»

[58] ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد، ژیانی منت کڕییەوە.

[59] ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی. دادوەری کێشەکەم بکە!

[60] هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.

[61] ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛

[62] ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من باسی دەکەن و دەیچرپێنن.

[63] تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان، بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.

[64] ئەی یەزدان، سزایان بدە، بەپێی کردەوەکانی دەستیان.

[65] پێچە لەسەر دڵیان دابنێ، با نەفرەتت لەسەریان بێت!

[66] بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە لەژێر ئاسمانی یەزداندا.

شینەکانی یەرمیا — Chapters