[1] چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات، زێڕی بێگەرد گۆڕا! بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
[2] چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن، ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران، ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران، دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
[3] تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن، بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
[4] لەبەر تینووێتی شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا. منداڵەکان داوای نان دەکەن، بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
[5] ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد لە شەقامەکاندا وێران بوون، ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
[6] سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو لە سزای گوناهەکەی سەدۆم، ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
[7] میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون، لە شیر سپیتر بوون، جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو، وەک یاقووتی شین بوون.
[8] بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە، لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە. پێستیان بە ئێسکیانەوە نووسا وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕا.
[9] ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون لەوانەی بە قاتوقڕی مردن. ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
[10] دایکە میهرەبانەکان بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا، بوونە خۆراکیان کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
[11] یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت، هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت. ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد بناغەکانی سووتاند.
[12] پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان باوەڕیان نەکرد کە دوژمن و ناحەز دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
[13] بەڵام ڕوویدا، لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و تاوانی کاهینەکانی، ئەوانەی لەناوەڕاستیدا خوێنی ڕاستودروستان دەڕێژن.
[14] بە شەقامەکاندا وێڵ بوون وەک کوێر. خۆیان بە خوێن گڵاوکرد، کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
[15] خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە! دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!» کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون، لەناو گەلاندا گوتیان، «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
[16] یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن، ئیتر چاودێرییان ناکات. خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت، لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
[17] سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی، لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
[18] تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین. کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە، چونکە کۆتاییمان هات.
[19] ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون لە هەڵۆکانی ئاسمان، بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن، لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
[20] پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە، لە بۆسەکانیان گیرا، ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا لەنێو گەلان دەژین.
[21] ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە، ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ. بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت، سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
[22] ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت، ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە. بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات، گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.