[1] چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی بە هەوری تووڕەییەکەی! لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا بۆ سەر زەوی، لە ڕۆژی تووڕەییدا تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.
[2] پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە، هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی، بە تووڕەیی خۆی قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند. پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد دایگرتنە سەر زەوی.
[3] بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە هەموو هێزی ئیسرائیل. دەستە ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە لەبەردەم دوژمن. ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند، هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.
[4] وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا، دەستە ڕاستی ئامادە کرد. وەک ناحەز لەناوی برد هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد. لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.
[5] پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات، ئیسرائیلی هەڵلووشی. هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی، قەڵاکانی ڕووخاند. شیوەن و ماتەمی زۆر کرد بۆ یەهودای کچ.
[6] کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما، شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند. یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە ڕۆژی شەممە و جەژنەکان. بە تووڕەیی خۆی پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.
[7] پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە، وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا. دیواری کۆشکەکانی ڕادەستی دوژمنەکانی کرد. لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی وەک لە ڕۆژی جەژندا.
[8] شووراکانی سییۆنی کچ یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت. بە گوریس پێوای و دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە. سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و پێکەوە ڕووخان.
[9] دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون، شمشیرەکانی لەناوبرد و شکاندی. پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون، فێرکردنی موسا نەماوە، هەروەها پێغەمبەرەکانیشی هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.
[10] پیرەکانی شاری سییۆن بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن، خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن، جلوبەرگی گوش لەبەر دەکەن. پاکیزەکانی ئۆرشەلیم سەریان دادەنەوێنن.
[11] چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن، دڵم توندە، جەرگ بڕاوم لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو، لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.
[12] بە دایکیان دەڵێن: «کوا نان و ئاو ؟» کاتێک وەک بریندار لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە، کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت لەناو باوەشی دایکیان.
[13] چیت پێ بڵێم؟ ئەی ئۆرشەلیمی کچ، بە چیت بچووێنم؟ بە چی بەراوردت بکەم، بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە، ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟ وێران بوونت وەک دەریا قووڵە. کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟
[14] بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت درۆ و فریودەر بوو، تاوانی تۆیان دەرنەخست بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن. بەڵکو سروشی درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.
[15] هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات، فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن لەبەر ئۆرشەلیمی کچ، دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»
[16] هەموو دوژمنەکانت دەمیان لێت دەکرێتەوە، فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە، دەڵێن: «هەڵمانلووشی. بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین، پێی گەیشتین و بینیمان.»
[17] یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی، قسەی خۆی بەجێگەیاند، ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا. بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند، دوژمنی پێت خۆشکرد، هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.
[18] دڵی خەڵکەکە بۆ پەروەردگار هاوار دەکات. ئەی شووراکانی سییۆنی کچ، با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت بە شەو و بە ڕۆژ. خۆت مەبووژێنەوە، چاوەکانت پشوو نەدات.
[19] هەستە، بە شەو هاوار بکە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن. وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە لەبەردەم پەروەردگار. دەستت بۆی بەرز بکەوە لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت، ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.
[20] «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە، ئەمەت بە کێ کردووە؟ ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات، منداڵی باوەشی؟ ئایا کاهین و پێغەمبەر لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟
[21] «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن لەسەر زەوی شەقامەکان، پاکیزە و لاوەکانم بە شمشێر کوژراون. لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت، ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.
[22] «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن، ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد. لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو، ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن، دوژمن لەناوی بردن.»