Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:06

[1] دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن.

[2] جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بوو،

[3] براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت،

[4] هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.»

[5] براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.

[6] عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە.

[7] جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە.

[8] ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.»

[9] ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.

[10] بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا،

[11] ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»

[12] لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.»

[13] بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.

[14] کاتێک نیوەی جەژن بوو، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکی فێردەکرد.

[15] جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»

[16] عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی.

[17] ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە فێرکردن دەزانێت ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم.

[18] ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە.

[19] ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»

[20] خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»

[21] عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون.

[22] لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە.

[23] ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟

[24] بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»

[25] لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟

[26] ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە ؟

[27] بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»

[28] عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن،

[29] بەڵام من دەیناسم چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»

[30] لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.

[31] زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»

[32] فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەسەر ئەو چرپەچرپی ئەمانەیانە، جا کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.

[33] عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی.

[34] داوام دەکەن و نامدۆزنەوە، ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»

[35] ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟!

[36] ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»

[37] لە دوایین ڕۆژی گەورەی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە.

[38] ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو دەڕوات.»

[39] لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.

[40] هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»

[41] هەندێکی دیکە، گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟

[42] ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت، مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێت‌لەحمەوە دێت، گوندەکەی داودی لێبوو؟ »

[43] بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە.

[44] هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.

[45] ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»

[46] خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»

[47] فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟

[48] باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟

[49] بێجگە لەم خەڵکە نەفرەت لێکراوە کە لە تەورات نازانێت.»

[50] نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین:

[51] «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»

[52] وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ بگەڕێ و ببینە، لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.» ⌟

[53] ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی،

مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا — Chapters