[1] ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.
[2] سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد.
[3] لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.
[4] دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!»
[5] عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»
[6] کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە خراپەی تێدا نابینم.»
[7] ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»
[8] کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا.
[9] گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
[10] پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»
[11] عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت نەدرابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»
[12] ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»
[13] کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ بەردڕێژکراو، بە عیبریش گەباسا.
[14] ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو، بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.»
[15] ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»
[16] ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. ئەوانیش عیسایان برد.
[17] عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترێ شوێنی کاسەسەر، بە عیبریش پێی دەگوترێ گولگۆسا.
[18] لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لەناوەڕاستیان.
[19] پیلاتۆسیش لەسەر تەختەیەک نووسی: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» لەسەر خاچەکە دایکوتا.
[20] جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو.
[21] کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»
[22] پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»
[23] کاتێک سەربازەکان عیسایان لە خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیانە چوار پارچە، بۆ هەر سەربازێک پارچەیەک. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
[24] لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «با نەیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی: [جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.] جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.
[25] لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون.
[26] کاتێک عیسا دایکی بینی و ئەو قوتابییەش کە خۆشی دەویست لەلای ڕاوەستاوە، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.»
[27] بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
[28] پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.»
[29] گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی.
[30] کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
[31] پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن.
[32] ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون.
[33] بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند.
[34] بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.
[35] ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن.
[36] ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: [هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!]
[37] هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: [تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.]
[38] پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد.
[39] نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر موڕ ی تێکەڵاو بە ئەلوای هێنا.
[40] جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن.
[41] لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو.
[42] لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا ، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.