Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:44

[1] کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی: m «باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات.

[2] هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون.

[3] ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە.

[4] من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم.

[5] ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو. m

[6] «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد.

[7] ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە.

[8] ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە.

[9] بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن.

[10] هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم.

[11] ئەمان لە‏جیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین.

[12] کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوو کوڕی لەناوچوو نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی. m

[13] «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمە دەکەم، تاکو شادی منیان بە تەواوی لە خۆیاندا هەبێت.

[14] من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم.

[15] داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی.

[16] ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم.

[17] بە ڕاستی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە.

[18] وەک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن.

[19] بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن. m

[20] «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن،

[21] تاکو هەموو یەک بن، وەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام، ئەوانیش لە ئێمەدا بن، باوکە، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە.

[22] منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین.

[23] من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە. m

[24] «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست. m

[25] «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە.

[26] ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»

مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا — Chapters