[1] «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن.
[2] لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودا دەکات.
[3] ئەمانەش دەکەن چونکە نە باوکەیان ناسیوە و نە من.
[4] بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.
[5] «ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“
[6] کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن.
[7] بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم.
[8] کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان:
[9] لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛
[10] لەسەر ڕاستودروستی ، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛
[11] لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.
[12] «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن.
[13] بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات.
[14] ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت کە لە منەوە وەریدەگرێت.
[15] هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
[16] «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
[17] هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟»
[18] گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
[19] عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟
[20] ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی.
[21] کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات.
[22] ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ.
[23] لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ.
[24] هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەواو بێت.
[25] «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم.
[26] لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم،
[27] چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم.
[28] لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
[29] قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت.
[30] ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
[31] عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟
[32] وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
[33] «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»