[1] پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا،
[2] پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.
[3] ڕێز لەو بێوەژنانە بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن.
[4] بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا.
[5] بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە.
[6] بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە.
[7] جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن.
[8] بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.
[9] ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت،
[10] بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.
[11] بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن.
[12] ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە .
[13] هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە.
[14] بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان،
[15] چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.
[16] ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.
[17] ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن ، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن،
[18] چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،] هەروەها: [کارگەر شایانی کرێی خۆیەتی.]
[19] سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت.
[20] ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.
[21] لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە، شتێک مەکە بە دەمارگیرییەوە.
[22] بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ، بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.
[23] ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو هەندێک شەراب بەکاربهێنە لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت.
[24] هەندێک گوناهەکانیان ئاشکرایە، پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێک دوایان دەکەوێت.
[25] بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.