Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:45

[1] ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ، لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک لە باوەڕ هەڵدەگەڕێنەوە، شوێنی ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون،

[2] لە دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخکراوە.

[3] هاوسەرگیری قەدەغە دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت.

[4] هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە،

[5] چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.

[6] ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت.

[7] ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی.

[8] وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.

[9] ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە.

[10] بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.

[11] بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە.

[12] با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا.

[13] هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە.

[14] ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.

[15] بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت.

[16] ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس — Chapters