[1] بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت،
[2] بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە.
[3] ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان،
[4] ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن،
[5] چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە،
[6] ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش لە کاتی گونجاو بوو.
[7] بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
[8] جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.
[9] ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها،
[10] بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
[11] ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت.
[12] ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت ، بەڵکو لە هێمنیدا بێت،
[13] چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا.
[14] هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە.
[15] بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.