[1] لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،
[2] بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
[3] کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز نەدەن و
[4] گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی ئەوەی لە باوەڕە.
[5] ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە : خۆشەویستییە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی.
[6] هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون،
[7] دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە ئەوەی دەیڵێن و دەیچەسپێنن تێیناگەن.
[8] بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت،
[9] هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان،
[10] داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت،
[11] بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.
[12] سوپاسی عیسای مەسیحی گەورەمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم.
[13] کە جاران کفرکار و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام بەزەیی پێم هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی کردوومە.
[14] نیعمەتی مەسیحی گەورەمان لەناو مندا سەرڕێژ بوو، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت.
[15] ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە.
[16] بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی.
[17] با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.
[18] کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە جەنگێکی باش بجەنگی،
[19] دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە. هەندێک ڕەتیان کردەوە، جا لەلایەنی باوەڕەوە کەشتییان تێکشکا ،
[20] لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.