Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:59

[1] ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لەناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت.

[2] هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن.

[3] ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات.

[4] لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور.

[5] ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە.

[6] لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت.

[7] ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە.

[8] لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت.

[9] یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت.

[10] هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی ، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا.

[11] ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت.

[12] ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت.

[13] لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە.

[14] هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ.

[15] هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن.

[16] هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.

[17] ئەگەر هەر نەتەوەیەکی زەوی نەچێتە ئۆرشەلیم بۆ کڕنۆشبردن بۆ پاشا، یەزدانی سوپاسالار، بارانی بۆ نابارێت.

[18] ئەگەر گەلی میسر نەیێت و بەشدار نەبێت، بارانیان بۆ نابارێت، ئەو دەردەیان لەسەر دەبێت کە یەزدان لە نەتەوەکانی دەدات، ئەوانەی نایەن بۆ گێڕانی جەژنی کەپرەشینە.

[19] ئەمە سزای میسر و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ناچن بۆ ئەوەی جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.

[20] لەو ڕۆژەدا ئەمە لەسەر زەنگی ئەسپەکان دەنووسرێت: «پیرۆزی بۆ یەزدان» . مەنجەڵەکانی ماڵی یەزدان وەک تاسەکانی خوێنپرژاندنی بەردەم قوربانگا دەبن.

[21] هەر مەنجەڵێک لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدانی سوپاسالار، هەموو ئەوانەی قوربانی سەردەبڕن دێن و دەیانبەن و تێیاندا لێ دەنێن. لەو ڕۆژە بەدواوە کەنعانی لە ماڵی یەزدانی سوپاسالار نابێت.

زەکەریا — Chapters