[1] ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە، تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!
[2] ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت، دارە گەورەکان تێکشکێنران! ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن، چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!
[3] گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن، چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون! گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن، چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.
[4] یەزدانی خوداکەم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە.
[5] ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.»
[6] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»
[7] ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناونا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناونا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند.
[8] لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد. مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و
[9] فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»
[10] ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم.
[11] لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.
[12] ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.
[13] یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.
[14] ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.
[15] جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە،
[16] چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.
[17] «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ، ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە! با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت! با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»