[1] لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن، یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات. ئەو شەستە باران دەبارێنێت، کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
[2] بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.
[3] «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت، ڕابەرەکان سزا دەدەم، چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی، بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە، دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
[4] بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت، مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت، کەوانی جەنگ لەوێوە دێت، هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
[5] پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن، ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن، دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە، ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.
[6] «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم، بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە، وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە، چونکە من یەزدانی خودای ئەوانم، وەڵامیان دەدەمەوە.
[7] ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت، دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب، منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
[8] ئاماژەیان بۆ دەکەم، پێکەوە کۆیان دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە، هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
[9] هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم، بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە.
[10] لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە. دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان، جێیان نابێتەوە.
[11] بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن، شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن. لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و داردەستی میسر نامێنێت.
[12] بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.