Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:21

[1] من کە دانیالم، لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی بێلشەسر، لەپاش ئەو بینینەی کە ماوەیەک لەمەوپێش بۆم ئاشکرا کرابوو، بینینێکی دیکەشم بۆ ئاشکرا کرا.

[2] لە بینینەکەمدا سەیرم کرد لە قەڵای شوشم، ئەوەی لە هەرێمی ئیلامە. لە بینینەکەدا لەلای نۆکەندی ئولای بووم.

[3] چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێک لەلای نۆکەندەکە ڕاوەستاوە و دوو قۆچی هەیە، هەردوو قۆچەکە درێژ بوون، بەڵام یەکێکیان لەوەی دیکەیان درێژتر بوو، بەڵام دواتر سەری دەرهێنابوو.

[4] بینیم بەرانەکە بەلای ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت، هیچ گیانلەبەرێکیش لە ڕووی نەوەستایەوە، هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو، ئەوەی پێی خۆشبوو کردی و مەزن بوو.

[5] لەو کاتەدا کە ڕامابووم تەگەیەک لە ڕۆژئاواوە بەسەر زەویدا دەهات و پێیەکانی بەر زەوی نەدەکەوت، تەگەکە شاخێکی بەرزی هەبوو لەنێوان هەردوو چاوی.

[6] چووە لای ئەو بەرانەی کە دوو قۆچی هەبوو، ئەوەی بینیم لەلای نۆکەندەکە وەستابوو، زۆر بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەری.

[7] بینیم گەیشتە سەر بەرانەکە و بەربووە سەری و لە بەرانەکەی دا، دوو قۆچەکەی شکاند. بەرانەکە هێزی ئەوەی نەبوو لەبەردەمی ڕابوەستێت، تەگەکە فڕێیدایە سەر زەوی و پێی لێنا، بەرانەکە کەسی نەبوو لە دەستی دەربازی بکات.

[8] ئینجا تەگەکە زۆر خۆی بە زل زانی، بەڵام کاتێک لەخۆبایی بوو شاخە گەورەکەی شکا، لە جێی ئەو شاخەش چوار شاخی گەورەتر بەرەو چوار باکەی ئاسمان دەرچوون.

[9] لە یەکێک لەوانەوە شاخێکی بچکۆلە دەرکەوت، ڕووەو باشوور و ڕۆژهەڵات و خاکە دڵگیرەکە گەشەی کرد.

[10] زۆر بەهێز بوو، تەنانەت گەیشتە هێزەکانی ئاسمانیش، هەندێک لە هێز و ئەستێرەکانی فڕێدایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی لێنان.

[11] خۆی بە گەورە زانی تاوەکو خۆی یەکسان بکات بە خودای سوپاسالاری ئاسمان. قوربانی ڕۆژانە لەکارخرا و پیرۆزگاکەی وێران کرا.

[12] لەبەر یاخیبوون، سوپا پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانی ڕۆژانە درانە دەستی شاخەکە. ڕاستی خرایە ژێر پێ، شاخەکەش لە هەموو ئەوەدا سەرکەوتوو بوو کە کردی.

[13] ئینجا گوێم لە فریشتەیەکی پیرۆز بوو قسەی دەکرد، فریشتەیەکی پیرۆزی دیکە بەوی دەگوت: «ڕووداوەکانی ئەم بینینە کەی دێنە دی؟ هەتا کەی قوربانی ڕۆژانە لەکاردەخەن؟ هەتا کەی یاخیبوون بەردەوام دەبێت لە کاولبوونی پیرۆزگا و پێشێلکردنی سوپا پیرۆزەکە؟»

[14] ئەویش پێی گوتم: «دوو هەزار و سێ سەد بەیانی و ئێوارە، ئینجا پیرۆزگا دەگەڕێتەوە باری پیرۆزی خۆی.»

[15] من دانیالم، هێشتا خەریکی سەیرکردنی بینینەکەم و هەوڵدەدەم کە لێی تێبگەم، ئەوەتا یەکێک لە شێوەی پیاوێک لەبەردەمم ڕاوەستاوە.

[16] گوێم لە دەنگی مرۆڤێک بوو لەلای نۆکەندی ئولایەوە بانگی کرد و گوتی: «ئەی جبرائیل ، واتای بینینەکە لەم پیاوە بگەیەنە.»

[17] ئەویش هاتە ئەو شوێنەی کە لێی ڕاوەستابووم، کاتێک هات ترسام و بەسەر ڕوومدا کەوتم. پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بزانە کە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتاییە.»

[18] کاتێک قسەی لەگەڵم دەکرد کەوتبوومە خەونێکی قووڵەوە و ڕووم ڕووەو زەوی بوو. ئینجا دەستی لێدام و هەڵیستاندمە سەر پێ.

[19] گوتی: «من پێت دەڵێم کە لە کاتی تووڕەیی چی ڕوودەدات، چونکە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتایی دیاریکراوە.

[20] ئەو بەرانەی کە بینیت دوو قۆچی هەبوو، ئەوە پاشاکانی ماد و فارسە.

[21] تەگەکە پاشای یۆنانە، ئەو قۆچە گەورەیەش کە لەنێوان هەردوو چاوی بوو یەکەمین پاشایە.

[22] بەڵام ئەو چوار قۆچەی کە لە شوێنی قۆچە شکێنراوەکە پەیدابوون، ئەوا چوار پاشایەتی لە نەتەوەکەی ئەوەوە پەیدا دەبن، بەڵام هەمان هێزی ئەویان نابێت.

[23] «لە دوایین پاشایەتییان، کاتێک یاخیبوون لە دژی خودا دەگاتە ئەوپەڕی، پاشایەکی ڕوو وشک و فێڵباز پەیدا دەبێت.

[24] هێزی زۆر دەبێت، بەڵام نەک بە هێزی خۆی، لە ڕادەبەدەر وێرانکاری دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە هەرچی بیەوێت بیکات. تواناداران و گەلە پیرۆزەکە لەناودەبات.

[25] بە تەڵەکەبازی وا دەکات فێڵبازی سەرکەوتوو بێت، دڵی لەخۆبایی دەبێت. کاتێک لە ئاسوودەییدا زۆران لەناودەبات و لە دژی میری میران دەوەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکدەشکێنرێت، بەڵام بە بێهێزی مرۆڤانە.

[26] «ئەو بینینەی ئێوارە و بەیانی کە بە تۆ درا ڕاستە، بەڵام تۆ بینینەکە بە نهێنی بهێڵەوە، چونکە بۆ داهاتووی دوورە.»

[27] من کە دانیالم، بۆ چەند ڕۆژێک بێهێز و لاواز بووم، ئینجا هەستام و دەستم کردەوە بە کاروبارەکانی پاشا. واقم وڕمابوو لە بینینەکە، لە سەرووی تێگەیشتنەوە بوو.

دانیال — Chapters