[1] لە ساڵی یەکەمی بێلشەسری پاشای بابل، کاتێک دانیال لەسەر جێگاکەی ڕاکشابوو خەونێکی بینی و چەند بینینێک بە مێشکیدا هات، ئینجا پوختەی خەونەکەی نووسییەوە.
[2] دانیال گوتی: «لە بینینەکەمدا لە شەو تەماشام دەکرد چوار باکەی ئاسمان دەریای گەورەیان هەژاند.
[3] لە دەریاکەوە چوار گیانلەبەری گەورە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان لەوەی دیکە جیاواز بوو.
[4] «یەکەمیان وەک شێر بوو و دوو باڵی هەڵۆ ئاسای هەبوو. تەماشام کرد هەتا باڵەکانی لێکرایەوە و لەسەر زەوی هەڵستێنرا، وەک مرۆڤ لەسەر دوو پێ ڕاوەستابوو، دڵی مرۆڤی پێدرا.
[5] «هەر لەو کاتەدا گیانلەبەری دووەم لە شێوەی ورچ لەسەر یەک لا بەرزبووەوە، سێ پەراسوو لەنێو ددانەکانی بوو، پێی گوترا: ”هەستە و گۆشتی زۆر بخۆ!“
[6] «پاش ئەمە تەماشام کرد یەکێکی دیکە وەک پڵنگ وابوو، لەسەر پشتی چوار باڵی باڵندەی هەبوو. گیانلەبەرەکە چوار سەری هەبوو، دەسەڵاتی حوکمدانی پێدرابوو.
[7] «پاش ئەمە لە بینینی شەودا تەماشام کرد گیانلەبەری چوارەم ترسناک و تۆقێنەر و زۆر بەهێز بوو. ددانی ئاسنین و گەورەی هەبوو، نێچیرەکانی خوارد و تێکی شکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. ئەو لە هەموو گیانلەبەرەکانی پێش خۆی جیاوازتر بوو، دە شاخی هەبوو.
[8] «لە شاخەکان ڕامابووم، شاخێکی دیکەی بچووک لەنێوانیانەوە دەرهات و سێ شاخەکەی پێش خۆی هەڵتەکاند. ئەم شاخە چاوی وەک چاوی مرۆڤی تێدابوو، لەگەڵ دەمێک کە بە فیزەوە قسەی دەکرد.
[9] «کاتێک تەماشام دەکرد «تەختەکان دانران و خودای جاویدانی دانیشت، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو. تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو، چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو.
[10] ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی، لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت. بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون. ئینجا دادگا دانیشت و کتێبەکان کرانەوە.
[11] «لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە.
[12] گیانلەبەرەکانی دیکەش دەسەڵاتیان لێسەنرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک تەمەن درێژییان پێدرا.
[13] «لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، لەگەڵ هەوری ئاسماندا یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی.
[14] ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.
[15] «بەڵام من، کە دانیالم ڕۆحم لە ناخمدا واقی وڕما بوو و ئەو بینینانەی بە مێشکمدا هات منیان ترساند.
[16] جا لە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان نزیک بوومەوە و لە هەموو ئەمەدا داوای لێکدانەوەم لێکرد. «ئەویش لێکدانەوەی خەونەکەی پێ گوتم:
[17] ”ئەو چوار گیانلەبەرە گەورەیە چوار پاشان کە لەسەر زەوی پەیدا دەبن.
[18] بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“
[19] «ئینجا ویستم لێکدانەوەی گیانلەبەرەکەی چوارەم بزانم کە لەگەڵ هەموویان جیاواز بوو، زۆر ترسناک بوو، ددانەکانی لە ئاسن بوون و سمەکانی لە بڕۆنز، نێچیرەکانی خوارد و تێکیشکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە.
[20] هەروەها ویستم لەبارەی ئەو دە شاخەی سەری و ئەو شاخەی تریش بزانم کە لە کاتی دەرکەوتنی سێ لە شاخەکانی دیکە لەبەردەمی کەوتنە خوارەوە، ئەو شاخە چاوی هەبوو، دەمێکیش کە بە فیزەوە قسەی دەکرد و دیمەنەکەی لە شاخەکانی دیکە زەبەلاحتر بوو.
[21] تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند،
[22] هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن.
[23] «ئەویش بەم جۆرەی گوت: ”گیانلەبەری چوارەم پاشایەتییەکی چوارەم دەبێت لەسەر زەوی، جیاواز لە سەرجەم پاشایەتییەکان، ئینجا هەموو زەوی دەخوات و پێی لێ دەنێت و تێکی دەشکێنێت.
[24] دە شاخەکەش دە پاشان کە لەم پاشایەتییەدا هەڵدەستن. یەکێکی دیکە لەدوای ئەوان هەڵدەستێت لەوانی پێش خۆی جیاواز دەبێت و سێ پاشا زەلیل دەکات.
[25] لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو.
[26] «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت.
[27] پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“
[28] «هەتا ئێرە کۆتایی بابەتەکەیە. من دانیالم، بیرکردنەوەکانم زۆر منیان ترساند و ڕەنگم گۆڕا، بەڵام بابەتەکەم لە دڵی خۆمدا هەڵگرت.»