[1] لە ساڵی یەکەمی داریوشی مادی، لەگەڵی وەستام تاکو پشتگیری لێ بکەم و بیپارێزم.
[2] «ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت.
[3] ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات.
[4] بەڵام ئیمپڕاتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپڕاتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت.
[5] «دوای ئەمە پاشای باشوور بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت.
[6] پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن.
[7] «ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت.
[8] بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت.
[9] ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
[10] کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور.
[11] «ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت.
[12] کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت،
[13] چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و کەرەستەی زۆرەوە پێشدەکەوێت.
[14] «لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون.
[15] ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت.
[16] پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت.
[17] مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن.
[18] پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
[19] ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت.
[20] «جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.
[21] «ئینجا ناکەس بەچەیەک شوێنی دەگێڕێتەوە کە شکۆمەندی پاشایەتی نەدراوەتێ. کاتێک خەڵکی بە ئاسوودەیی دەژین لەناکاو دێت و بە فێڵ دەست بەسەر پاشایەتییەکەدا دەگرێت.
[22] چەندین سوپای زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو تێکدەشکێن و ڕادەماڵرێن، هەروەها میری پەیمانیش.
[23] هەر کە پەیمانێک دەبەستێت، فێڵ لە هاوپەیمانەکەی دەکات، بە خەڵکێکی کەمەوە دەگاتە دەسەڵات.
[24] کاتێک هەرێمە دەوڵەمەندەکان لە ئارامیدان بەسەریاندا دەدات، ئەوە دەکات کە نە باوک و نە باپیرانی کردوویانە. تاڵانی و دەستکەوت و سامان بەسەر شوێنکەوتووانیدا دابەش دەکات. پیلان بۆ داگیرکردنی قەڵاکان دادەڕێژێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت.
[25] «بە سوپایەکی گەورە و بە ئازایەتییەوە هێزەکەی لە دژی پاشای باشوور دەوروژێنێت، پاشای باشووریش بە سوپایەکی گەورە و بەهێزەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت، چونکە پیلان لە دژی دەگێڕن.
[26] ئەوانەی لە خواردنە خۆشەکانی دەخۆن، دەیشکێنن و سوپاکەی ڕادەماڵرێت، زۆر کەس دەکوژرێن.
[27] ئەم دوو پاشایەش دڵیان لەلای خراپەیە، لەسەر یەک مێز دادەنیشن و درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بەڵام سەرناکەون، چونکە کۆتایی لە کاتی دیاریکراو دێت.
[28] پاشای باکوور بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، بەڵام لە دڵەوە لە دژی پەیمانە پیرۆزەکەیە. دژایەتییەکە دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
[29] «لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە بۆ باشوور، بەڵام ئەم جارەیان وەک جاری یەکەم نابێت.
[30] لە کەنارەکانی ڕۆژئاواوە کەشتییەکان دێنە سەری، ئینجا کۆڵدەدات. دەگەڕێتەوە و لە پەیمانە پیرۆزەکە تووڕە دەبێت، ئەوانەش پاداشت دەکات کە وازیان لە پەیمانە پیرۆزەکە هێناوە.
[31] «سوپاکەی ئەو دێن و پیرۆزگای قەڵابەند گڵاو دەکەن، قوربانی ڕۆژانە دادەماڵن و قێزەونی وێرانکەر دادەنێن.
[32] ئەوانەی پەیمان دەشکێنن بە فێڵ هەڵیاندەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو گەلەی خودای خۆیان دەناسن بەهێز دەبن و دژایەتی ئەو دەکەن.
[33] «تێگەیشتووان خەڵکێکی زۆر فێر دەکەن، هەرچەندە بۆ ماوەیەک بە شمشێر و ئاگر دەکوژرێن یان تاڵان و ڕاپێچ دەکرێن.
[34] کاتێک دەکەون بە کەمی یارمەتی دەدرێن، زۆر کەسیش بەبێ دڵسۆزی دەچنە ڕیزیان.
[35] هەندێک لە تێگەیشتووان ساتمە دەکەن، بۆ پوختە بوون و پاکبوونەوە و بێ خەوش بوونیان هەتا کاتی کۆتایی، چونکە لە کاتی دیاریکراو دێت.
[36] «پاشا بە ویستی خۆی دەکات. خۆی بە گەورە و بە زل دەزانێت لەسەر هەموو خودایەک، کفری ترسناک لە دژی خودای خودایان دەکات. هەتا کاتی تەواوبوونی تووڕەییەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە هەر دەبێت پیادە بکرێت.
[37] نە گوێ بە خوداوەندەکانی باوباپیرانی دەدات و نە بەوەی ژن دایهێناوە ، گوێ بە هیچ خوداوەندێک نادات. بەڵکو خۆی لە هەموویان بە گەورەتر دەزانێت.
[38] لە جیاتی ئەوان ڕێز لە خوداوەندی قەڵاکان دەگرێت، خوداوەندێکە کە باوباپیرانی نەیانناسیوە، بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و دیاری بە نرخ ڕێزی لێ دەگیرێت.
[39] بە یارمەتی ئەو خوداوەندە بێگانەیە پەلاماری قەڵا پتەوەکان دەدات. ئەوانەی بچنە ژێر باڵی زۆر ڕێزیان لێ دەگرێت. دەیانکاتە فەرمانڕەوای خەڵکێکی زۆر، زەوییەکە بە پاداشت دابەش دەکات.
[40] «لە کاتی کۆتاییدا پاشای باشوور جەنگی لەگەڵدا بەرپا دەکات، پاشای باکووریش بە گالیسکە و سوار و بە کەشتیگەلی زۆرەوە وەک ڕەشەبا لە دژی هەڵدەکات. پەلاماری چەندین وڵات دەدات، وەک لافاو ڕایاندەماڵێت.
[41] هەروەها پەلاماری خاکە دڵگیرەکە دەدات. زۆر کەس دەکوژرێن، بەڵام ئەدۆم و مۆئاب و میرەکانی عەمۆنییەکان لە دەستی دەرباز دەبن.
[42] دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە، میسریش ڕزگاری نابێت.
[43] دەست بەسەر گەنجینەکانی زێڕ و زیو و هەموو سامانی میسردا دەگرێت، لیبییەکان و کوشییەکانیش ملکەچی دەبن.
[44] بەڵام چەند هەواڵێکی ترسناکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە پێ دەگات و ئەو دەهەژێنێت، بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەڕێدەکەوێت بۆ کاولکردن و قڕکردنی خەڵکانێکی زۆر.
[45] چادری شاهانەی لەنێوان دەریاکان و کێوی دڵگیری پیرۆز هەڵدەدات. بەڵام دەگاتە کۆتایی خۆی، کەسیش یارمەتی نادات.