[1] لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم:
[2] وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، سەرزەنشت بکە، ڕابخوڕە، ورە بەرز بکەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و فێرکردنەوە،
[3] چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە قدیلکەی گوێیان بکاتەوە.
[4] بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن.
[5] بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.
[6] سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە.
[7] تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد، باوەڕم پاراست.
[8] ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
[9] کۆشش بکە زوو بێیتە لام،
[10] چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا.
[11] بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە بۆ من سوودبەخشە بۆ خزمەتکردن.
[12] تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس.
[13] کاتێک هاتیت، ئەو کەوایەی لە ترۆیاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، لەگەڵ خۆتی بهێنە، تۆمارەکانیش بە تایبەت دەستنووسەکان.
[14] ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی.
[15] خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.
[16] لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. لەسەریان هەژمارد نەکرێت.
[17] بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت، تاکو هەموو گەلان ببیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم.
[18] مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەکی دادێت دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
[19] سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە.
[20] ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆس بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێم هێشت.
[21] کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.
[22] مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.