[1] ئەمە بزانە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت،
[2] چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون،
[3] بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن،
[4] ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا،
[5] ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
[6] ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون،
[7] هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن.
[8] وەک یەنیس و یەمبریس بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەوە ڕەتکراونەتەوە.
[9] بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
[10] بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن،
[11] چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات، بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم.
[12] هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،
[13] بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چەواشەکار و چەواشەکراو.
[14] بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت،
[15] هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری.
[16] هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان ، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی،
[17] تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.