Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:16

[1] بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە.

[2] ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن.

[3] بەشداری ئازار بکە وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح.

[4] سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات.

[5] ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت.

[6] جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم بێت لە بەشداری بەرهەم.

[7] بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ پێت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.

[8] یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم،

[9] ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت.

[10] بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

[11] ئەم وشەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین،

[12] ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.

[13] ئەگەر دڵسۆز نەبین، ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە، چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

[14] ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت.

[15] کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە.

[16] خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات.

[17] وشەکانیان وەک لاڕەشەیە تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس،

[18] کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە.

[19] بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»

[20] بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین.

[21] بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.

[22] لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە.

[23] لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە.

[24] بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت.

[25] ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ

[26] و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.

دووەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس — Chapters