Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:31

[1] بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن، خۆشەویستانم بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.

[2] لە ئەوۆدیا و سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن.

[3] بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردووکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانە.

[4] هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن!

[5] با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە.

[6] نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت.

[7] ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.

[8] لە کۆتاییدا خوشکان و برایان، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە کە ڕاست و ڕێزدارن، دادپەروەر و پاکن، خۆشەویست و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز و شایانی ستایشن.

[9] چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.

[10] زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، وا ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن، بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن.

[11] من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم.

[12] دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم.

[13] دەتوانم هەموو ئەم شتانە بکەم لە ڕێگەی مەسیحەوە کە بەهێزم دەکات.

[14] لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم.

[15] ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت.

[16] تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو.

[17] نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار بکرێت.

[18] ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات.

[19] خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی.

[20] ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.

[21] بە ناوی عیسای مەسیح سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵمدان سڵاوتان لێدەکەن.

[22] هەموو گەلی خودا کە لێرەن سڵاوتان لێدەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەی قەیسەرن.

[23] با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی فیلیپی — Chapters