[1] ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن،
[2] ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن.
[3] هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن.
[4] هەریەکە تەماشای بەرژەوەندی خۆی نەکات، بەڵکو تەماشای بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بکەن.
[5] وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:
[6] ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە، نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
[7] بەڵکو خۆی کردە هیچ ، شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات،
[8] کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و تاکو مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ .
[9] لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
[10] تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدەن، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
[11] هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک.
[12] بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان،
[13] چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
[14] هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن،
[15] تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە،
[16] کاتێک دەست بە وشەی ژیانەوە بگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە غارم نەداوە و ڕەنجم نەکێشاوە.
[17] بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم، ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان.
[18] جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
[19] هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم،
[20] چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات،
[21] لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح.
[22] بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە.
[23] بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم.
[24] متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
[25] بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە.
[26] ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە نەخۆشی ئەوتان بیستووە.
[27] بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت.
[28] بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە.
[29] کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن،
[30] چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.