[1] لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون.
[2] جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان.
[3] هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو.
[4] لەبەر ئەوەی مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.
[5] جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد.
[6] جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان کوشت و لەناویانبردن.
[7] هەروەها ئەوانەشیان کوشت: پەرشەنداتا، دەلفۆن، ئەسپاتا،
[8] پۆراتا، ئەدەلیا، ئەریداتا،
[9] پەرمەشتا، ئەریسەی، ئەریدەی و ڤەیزاتا،
[10] کە دە کوڕەکەی هامانی کوڕی هەمەداسای دوژمنی جولەکەکان بوون، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
[11] لەو ڕۆژەدا ژمارەی کوژراوەکان لە قەڵای شوش هێنرایە بەردەستی پاشا.
[12] جا پاشا بە شاژنە ئەستێری گوت: «جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان لەگەڵ دە کوڕەکەی هامان کوشتووە و لەناویانبردوون. ئایا دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەی پاشادا چییان کردبێت؟ ئێستاش بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ بۆت جێبەجێ بکرێت.»
[13] ئەستێریش گوتی: «ئەگەر پاشا ڕازی بێت، ڕێبدە با سبەینێش لە قەڵای شوش کارەکەی ئەمڕۆیان بکەنەوە، هەر دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە بدەن.»
[14] ئینجا پاشا فەرمانی دا ئەوە بکەن. لە شوش فەرمان دەرکرا، دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە دران.
[15] پاشان جولەکەکانی ناو شوش لە چواردەی ئادار دووبارە کۆبوونەوە، سێ سەد پیاویان لە شوش کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
[16] هەروەها جولەکەکانی دیکەش کە لە هەرێمەکانی پاشادا بوون، کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕزگاربوونیان لە دوژمنەکانیان. حەفتا و پێنج هەزار کەسیان لە ناحەزەکانیان کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
[17] ئەمە لە سێزدەی ئادار ڕوویدا، لە چواردەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ئاهەنگگێڕان و خۆشی.
[18] هەروەها جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.
[19] لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان، ڕۆژی خۆشی و پێشکەشکردنی دیاری بە یەکتری.
[20] ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی نووسییەوە، ناردی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، دوور و نزیکەکان.
[21] داوای لێکردن هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن،
[22] چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.
[23] ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو.
[24] هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی هەموو جولەکەکان پیلانی گێڕا بۆ ئەوەی جولەکەکان لەناو ببات،پوری فڕێدا، واتە تیروپشکی کرد، بۆ ئەوەی قڕیان بکات و لەناویان ببات.
[25] بەڵام کاتێک ئەستێر چوو ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، پاشا بە نووسراوێک فەرمانی دا، ئەو پیلانە خراپەی کە هامان لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو هەڵبگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، خۆی و کوڕەکانی لە سێدارە بدرێن.
[26] لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ناونران پوریم لەسەر ناویپور . لەبەر هەموو وشەکانی ئەم نامەیە و ئەوەی بینییان و بەسەریان هات،
[27] جولەکەکان پەسەندیان کرد و کردیانە نەریت، خۆیان و نەوەکانیان و ئەوانەشی دەچنە پاڵیان پەیڕەویان کرد، بۆ ئەوەی لە یاد نەکرێن، هەمیشە لەو دوو ڕۆژەدا بەپێی ئەوەی کە نووسراوە و لە کاتی خۆیاندا هەموو ساڵێک ئاهەنگ بگێڕن.
[28] هەروەها ئەم ڕۆژانە یادیان بکرێتەوە، لەنێو هەموو نەوە و هۆز و هەرێمێک و لە هەموو شارێک ئاهەنگیان بۆ ساز بکرێت. ڕۆژانی پوریم هەرگیز لەنێو جولەکەکان لەبیر نەکرێن و ناشبێت لەلایەن نەوەکانیانەوە لە یاد بکرێت.
[29] ئینجا شاژنە ئەستێری کچی ئەبیحەیل و مۆردەخای جولەکە بە هەموو دەسەڵاتێکەوە نامەیەکی دیکەیان نووسی بۆ ئەوەی ئەم نامەیەی دووەم سەبارەت بە پوریم بچەسپێنن.
[30] مۆردەخای نامەکانی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو سەد و بیست و حەوت هەرێمەکەی شانشینی ئەحەشوێرۆش نارد، وێڕای هیوای شادی ئارامییان بۆ جولەکەکان،
[31] بۆ چەسپاندنی دوو ڕۆژەکەی پوریم لە کاتی دیاریکراوی خۆی. هەروەک مۆردەخای جولەکە و شاژنە ئەستێر داوایان لێیان کرد، ئەوانیش بۆ خۆیان و نەوەکانیان پەسەندیان کرد کە بەڕۆژوو بن و بپاڕێنەوە.
[32] نامەکەی ئەستێر وردەکاری پوریمی ڕوونکردەوە و تۆمار کرا.