Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:10

[1] پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە.

[2] ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا،

[3] با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا، هەموو کچە پاکیزە و ڕوخسار جوانەکان بۆ حەڕەم سەرا لە قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرایە، بۆ ئەوەی بۆن و ئاراییشتیان پێ بدات.

[4] ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد.

[5] لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو.

[6] یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو.

[7] مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی.

[8] بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەڕەم سەرا سپێردرا.

[9] کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە زوو بۆن و ئاراییشت و پێداویستییەکانی لەگەڵ حەوت کەنیزەی هەڵبژێردراو پێدرا و لە کۆشکی پاشاوە بۆ باشترین شوێنی حەڕەم سەرا گواسترایەوە.

[10] ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات.

[11] مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەڕەم سەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.

[12] بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا.

[13] بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەڕەم سەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا.

[14] ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەڕەم سەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە.

[15] کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هیگایی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە.

[16] ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی.

[17] پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن.

[18] ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا.

[19] کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو.

[20] ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە.

[21] لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.

[22] بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت.

[23] کاتێک بابەتەکە لێی کۆڵڕایەوە و زانییان کە ڕاستە، هەردووکیان لە سێدارە دران. ئەو ڕووداوەش لەبەردەم پاشا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کرا.

ئەستێر — Chapters