Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:25

[1] «ئێستاش، ئەی کاهینەکان، ئەم ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئێوەیە:

[2] ئەگەر گوێ نەگرن و ئەگەر مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوەکەم بگرن، نەفرەت دەنێرمە سەرتان و نەفرەت لە بەرەکەتەکانتان دەکەم. بەڵکو لەڕاستیدا نەفرەتم لێکردوون، چونکە مکوڕ نین لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوی من بگرن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

[3] «لە بەر ئێوە نەوەکانتان سەرزەنشت دەکەم، ڕیخی قوربانی جەژنەکانتان بە دەموچاوتاندا دەکەم، جا لەگەڵیدا فڕێدەدرێن.

[4] ئینجا دەزانن کە من ئەم ئاگادارکردنەوەیەم بۆ ئێوە نارد، بۆ ئەوەی پەیمانەکەم لەگەڵ لێڤی بەردەوام بێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

[5] «پەیمانەکەم لەگەڵی بۆ ژیان و ئاشتی بوو، جا هەردووکیانم پێدا، بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرێت. ڕێزی لێم گرت و لە ناوەکەم ترسا.

[6] فێرکردنی ڕاست لەسەر زاری بوو، ناڕەوایی لەسەر لێوەکانی نەبوو. بە ئاشتی و بە ڕێکی دۆستایەتی لەگەڵم کرد و خەڵکێکی زۆریشی لە خراپە گەڕاندەوە.

[7] «لەبەر ئەوەی دەبێت لێوەکانی کاهین زانین بپارێزن، خەڵک دێنە لای بۆ ئەوەی لە دەمی ئەو فێرکردنەکە بزانن، چونکە ئەو نێردراوی یەزدانی سوپاسالارە.

[8] بەڵام ئێوە لە ڕێگاکە لاتاندا و فێرکردنەکانتان بۆ زۆر کەس بووە کۆسپ، پەیمانی لێڤیشتان شکاند.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

[9] «لەبەر ئەوە من لەلای هەموو گەلەکە ڕیسوام کردن و سووکایەتیم پێکردن، چونکە ڕێگاکانی منتان نەگرتەبەر و لایەنگریتان کرد لە جێبەجێکردنی فێرکردنەکە.»

[10] ئایا هەموومان یەک باوکمان نییە؟ ئایا یەک خودا بەدیی نەهێناوین؟ ئیتر بۆچی بە ناپاکی لەگەڵ یەکتری پەیمانی باوباپیرانمان دەشکێنین؟

[11] یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست.

[12] هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.

[13] شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت.

[14] ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.

[15] ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.

[16] یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕقم لە تەڵاقە، هەروەها ڕقم لەوەیە کە توندوتیژی لە دژی ژنەکەی دەکات.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ئینجا بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی مەکەن.

[17] بە قسەکانتان یەزدانتان ماندوو کرد. ئێوە دەپرسن: «بە چی ماندوومان کرد؟» بەوەی کە گوتتان: «ئەوەی خراپە بکات، لەبەرچاوی یەزدان چاکە، ئەو بەوان دڵخۆشە،» یان «خودای دادپەروەری لەکوێیە؟»

مەلاخی — Chapters