[1] یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد،
[2] گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو.
[3] فڕێتدامە قووڵایی، لەناو جەرگەی دەریاکان، لافاو دەوری دام، شەپۆلەکانت بە لێشاو دایانپۆشیم.
[4] گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
[5] ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم، قووڵایی دەوری گرتم، گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
[6] تاکو بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە، بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
[7] «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو، تۆم بیرکەوتەوە، نزاکەم گەیشتە لات، بۆ پەرستگای پیرۆزت.
[8] «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
[9] بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە قوربانیت بۆ سەردەبڕم، ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
[10] ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.